پیسبوونی سپی، کاریگەری و چارەسەر

نووسینی: دیار غریب لطیف - ماستەر لە زانستە ژینگەییەکان


پیسبوونی سپی، بریتییە لە کۆبونەوەی پیسکەرە سپییەکان کە بە شێوەیەکی گشتی سەرجەم ئەو پاشەڕۆ پلاستیکیانە دەگرێتەوە کە ڕۆژانە بەکاردێن و فڕێ دەدرێن. ئەگەر بیرێک لە بەکارھێنانی ڕۆژانەی پلاستیک بکەینەوە ئەوا ئەگەینە ئەو ڕاستییەی کە بەکارھێنانی پلاستیک بۆ ھەر یەکێکمان بۆتە درمێک کە بنبڕکردن یان چارەسەرکردنی ئەستەمە و کاتێکی زۆری پێویستە، چونکە پلاستیک ڕؤڵێکی ئێجگار زۆر گەورە و بەرفراوان دەبینێت لەسەرجەم لەو پێداویستییانەی مرۆڤ کە لە سەرجەم کایەکانی ژیانیدا بەکەریان دێنێت.

سەنتەری تەکنۆۆجیای پێشکەوتووی (R&D) گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی کە %25 ی کەلوپەلە کارەباییەکانی ناو ماڵ وەک (TV، سپلێت، جلشۆر، بەفرگر، کۆمپیوتەر و... ھتد) لە پلاستیک پێکدێن کە بە زۆری لە جۆری فرە پڕۆپیلین، فرە ستایرین، Acryloni-trile butadience styrene(ABS)ن. ھەروەھا ئەشتوانرێت بوترێت کە زۆربەی ئەو شتانەی کە پێویستی ژیانی ڕۆژانەن پلاستیکیان تێدایە وەک (سیستەمی ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبایی، یاری مندالآن، ڕاخەر و گەرمکەرەوەکان، جلوبەرگ و... ھتد).

بە پێی راپۆرتێکی ھەواڵی تەندروستی ژینگەیی، %4 ی کۆی سوتەمەنی ساڵانەی جیھان بۆ بەرھەمھێنانی پلاستیک بەکاردێت کە بەزۆری بەرھەمە یەک جار بەکارھاتوەکانن و لە ماوەی یەک ساڵدا بەکاردێت و دەنێردرێت بۆ گۆڕە پاشەڕۆکان، ئەمە وای کردووە کە پلاستیک ریژەی سەرو %10 پاشەڕۆی ڕەقی بەرھەمھاتووی جیھان پێک بھێنێت.

کۆمەڵەی پاشەڕۆی ڕەقی نێودەوڵەتی (ISWA) ئاشکرای دەکات کە لە ساڵی 1950دا تەنھا 1.5 ملێۆن تۆن پلاستیک لە جیھاندا بەرھەم ھاتووە لەکاتێکدا بڕی بەرھەمھێنانی پلاستیک لە 10ساڵی ڕابردوودا ساڵانە بۆ سەرو 250 ملێۆن تۆن زیادی کردووە و پێشبینش دەکرێت لەم ساڵدا بۆ 297.5 ملێۆن تۆن بەرز بێتەوە، کە %40 ی لە کیشوەری ئاسیا و % 24 ی چین بەرھەم دێت، ئەمەش بەھۆی زۆری ھێزی کار، کەمی نرخی تێچوون و، گوێنەدان بەلایەنی تەندروستی و ژینگە تەنھا لەساڵی 2010 دا لە جیھاندا 2.5 بلێۆن تۆن پاشەڕۆی ڕەق فڕێدراوە لەم بڕەش 275 ملێۆن تۆن پاشەڕۆی پلاستیکی بووە، لەکاتێکدا کۆی بەرھەمی پلاستیکی جیھان لەو ساڵەدا 270 ملێۆن تۆن بووە، واتە ڕێژەی بەپاشەڕۆبوونی پلاستیک لەسەر ئاستی جیھان نزیکەی %102 ی تێپەڕاندوە. ئەمە و لەکاتێکدا کەمتر لە %5 ی پاشەڕۆی پلاستیکی کە دەکاتە 15 ملیۆن تۆن بازرگانی پێوە کراوە بە مەبەستی بە پرۆسەدا بردنەوەی (بەکارھێنانەوە، ڕیسایکڵکردن).


ئەو خەسڵەتە گشتیانەی کە وا ئەکات پلاستیک زۆر بەکاربھێنرێت:

1- فرە کاری

2- کەمی بارستایی

3- نەرمێتی

4- بەرگەگرتنی شێ

5- بەھێزی

6- ھەرزانی


جۆرەکانی پلاستیک

جۆرەکانی پلاستیک زۆرن و ھەمەچەشنن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەکرێن بە دوو کاتەگۆری سەرەکیەوە کە بریتین لە:

* Thermoset: ئەوانەن کە گەرمی کاریان تێناکات دوای ڕەقبونیان شێوەیان ناگۆڕێت.

* Thermoplastic: ئەوانەن کە بە گەرمی کاریان تێدەکریت و ئەتوێنەوە و شێوەی جیاواز وەردەگرن.

بە پشت بەستن بە جیاکردنەوەی پلاستیک بۆ ریسایکڵکردن، لە ساڵی 1988دا لەلایەن کۆمەڵەی پیشەسازی پلاستیک (SPI)ەوە، پلاستیک پۆلێن کراوە بۆ 7 جۆر کە ھەر یەکەیان کۆدێکی بۆ دانرا:

- پۆلی ئە‌ثیلین تێرەفثالەیت:  (PET)

- پۆلی ئەثیلینی زۆر چڕ:    (HDPE)

- پۆلی ڤینایڵ کلۆراید:        (PVC)

- پۆلی پڕۆپیلین:               (PP)

- پۆلی ئەثیلینی کەم چر:     (LDPE)

- پۆلی ستایرین:               (PS)

- جۆرەکانی تر:               (Others)

بە شێوەیەکی گشتی جۆری (1 و 2)ەم مەترسییان لە جۆرەکانی تر کەمترە و، جۆری (1، 2 و، 6)ەم باوترین جۆری پلاستیکن کە لە پرۆسەی ریسایکلیندا بەکاردێن، بە جۆرێک %70ی پۆلی ستایرین (PS) لە وڵاتی چین کە یەکەم گەورە بەرھەمھێنی پلاستیکە ڕیسایکڵ دەکرێن.

لە وڵاتی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو تەنھا %40ی جۆری یەکەم و دووەم ڕیسایکڵ دەکرێن و جۆرەکانی تر ھەناردەی وڵاتە ھەژارەکانی وەکو چین (گەورەترین ھاوردەکەری پاشەڕۆی پلاستیکە و %56 ی سەرجەمی پاشەڕۆی پلاستیکی جیھان ھاوردە دەکات) و ھیندستان دەکرێن بە مەبەستی چارەسەرکردن. لە کیشوەری ئەوروپا کە دووەم گەورەترین وەبەرھێنی پلاستیکە، تەنھا %24 ی کۆی پاشەرۆی پلاستیک تەنھا ڕیسایکڵ دەکرێت کە بە گشتی لە جۆری (1، 2 و، 6)ەمە ئەوەی کە ئەمێنێتەوە دەنێردرێتە گۆڕ پاشەڕۆکان یان وڵاتانی چین و ھیندستان. ھەرچی جۆری (3 و 7)ەمە بە سەختترین جۆری پلاستیک دادەنرێت بۆ ڕیسایکڵکردنەوە.


 کێشەکانی بەردەم بە پرۆسەدا بردنەوە (بەکارھێنانەوە و ریسایکڵکردن)ی پلاستیک:

1 گەورەترین کێشەی پلاستیک لە کاتی کۆکردنەوە، گواستنەوە، خەزنکردن، بەکارھێنانەوە، ڕیسایکڵکردن، و ناشتنییان لە گۆڕە پاشەڕۆکاندا ئەگەڕێتەوە بۆ کێشە سووکەکەی و قەبارە گەورەکەی کە بەھۆیەوە شوێنێکی زۆر داگیر دەکات و تێچونێکی زۆری دەوێت لە ھەموو قۆناغەکاندا.

2 چەند ماددە یان جۆرێکی جیاوازلە پلاستیک بەکاردێت لە دروستکردنی پێکھاتەیەکی پلاستیکدا (بۆ نمونە بۆتڵێکی پۆلی ئەثیلین سەرقاپێکی پۆلی پڕۆپیلینی ھەیە، یان دەبەیەکی پۆلی ئەثیلینی زۆر چڕ توندکەرێکی پۆلی ستایرین لە سەرقاپەکایدا بەکاردێت، یان ھەندێ جار ئەلەمنیۆم یان تەختە و ستیل لە سەرقاپەکانیاندا بەکاردێت)، کە ھەر یەکەیان پێکھاتە و ڕەنگی جیاوازیان ھەیە و وا دەکات ھەر پێکھاتەیەکی پلاستیکی ھەم جیاکردنەوەی زیاتر و ھەم بارودۆخ و پلەی گەرمی ڕیسایکڵکردنی جیاوازی پێویست بێت.


کاریگەری پلاستیک:

1- کاریگەرییە ژینگەییەکان.

2- کاریگەرییە تەندروستییەکان.


1- کاریگەرییە ژینگەییەکان:

دەڤید بارنەس لێکۆڵەر و سەرنوسەری ڕوپێوی نیوەگۆی باشووری بەریتانی ئەڵێ: "یەکێک لە ھەرە دیارترین و درێژخایەنترین گۆڕانکاری کە لە سەر ڕووی ھەسارەکەمانا کردومانە بریتیە لە کۆکردنەوە و کەڵەکەکرنی پاشەڕۆ پلاستیکیەکان.

کە بێگومان ئەم گۆڕانە کاریگەری بەرچاوی ئەبێت لەسەر ھەردوو بەشە زیندوو و نازیندوەکەی ژینگە.

1-1 کاریگەریەکانی پلاستیک لەسەر سەرچاوەکانی ئاو:

دەنکۆلەکانی پلاستیک سروشتیکی وایان ھەیە کاتێک تێکەڵ بە ئاو دەبن پیسکەرە ئۆرگانییەکانی وەک (دژە ئافات و پەینی کیمیایی) لە خۆیان کۆدەکەنەوە و دەنکۆلەیەکی ئاڵۆز دروست دەکەن، ھە روەھا لە کاتی شیبونەوەی پلاستیکدا دوو ماددەی تری زۆر مەترسیدار تێکەڵ بە ئاو دەبن کە بریتین لە پلاستیک سازێنەرەکانی وەک (DEHP) و دەنکۆڵەی بنیادنەری پلاستیک (BPA) کە کاریگەری نەرێنییان لەسەر ژینگەی ئاوی دەبێت، بە شێوەیەک کاتێک گیاندارە ئاوییەکان ھەر کام لەم سێ دەنکۆلە دەخۆن ئەبێتە ھۆی کـۆبوونەوەی زیندەیی (bioaccumulation) لە لەشی گیانداراندا، کە کاریگەری خراپی لەسەر گەشە، خستنەوەی وەچە، و بە زەحمەت تروکانی ھێلکەکەنییان (بەھۆی ئەستووربوونی دیواری ھێلکەکانییانەوە) دەبێت.

لیکۆلینەوەیەک کە لە ساڵی 2004 لە گۆڤاری زانستدا بڵاو کراوەتەوە ئاشکرای دەکات کە تەنھا لە ساڵی 2010 دا زەریاکان مەنزلی کۆتایی ھەشت ملیۆن تەن پلاستیک بووە. ھەروەھا خواردن و کۆبونەوەی زیندەیی پلاستیک لە لەشی گیانداراندا، ساڵانە ئەبیتە ھۆی لەناوچونی یەک ملێۆن شیردەر و باڵندە.

1-2 کاریگەریەکانی پلاستیک لەسەر ھەوا:

بەشێوەیەکی گشتی کاریگەریەکانی پلاستیک لەسەر ھەوا ئەگەڕێتەوە بۆ کاتی دروستکردن یان سوتانی پلاستیک و پاشەڕۆکانی. بەڵام پلاستیک لە گۆڕە پاشەڕۆکاندا (landfills) یان ژینگەی ئاساییدا نزیکەی 300 بۆ 1000 ساڵی پێویستە تاکو بە تەواوی شی ببێتەوە. لەبەرئەوە جگە لەو دایۆکسین و فیورانانەی کە لە گۆڕە پاشەڕۆکانەوە دەردەدرێن، کاریگەری شیبونەوەی پلاستیک لەسەر ھەوا پشگوێ خراوە. پلاستیک لە کاتی دروستکردنیدا پێویستیەکی زۆری بە وزە ھەیە کە کاریگەری ناراستەوخۆی لەسەر پیسبوونی ھەوا دەبێت. کاریگەریی ھەرە گەورەی پلاستیک لەسەر ھەوا بۆ سووتانی ڕاستەوخۆی پاشەڕۆ پلاستیکیەکان دەگەڕێتەوە کە دەبێتە ھۆی ڕاستەوخۆ دەردانی دایۆکسین و فیورانەکان، کاتێک ئەم پاشەرۆ پلاستیکیان پيشتر بۆ مەبەستی ھەڵگرتن یان پاراستی کەلوپەلە کشتوکاڵییەکان، پزیشکی و بایۆلۆجیەکان، کیمیاییەکان، پیشەسازییەکان، و سەربازییەکان بەکار ھاتبێت جگە لە دایۆکسین و فیورانەکان ئەبێتە ھۆی دەردانی کانزا سەنگینەکان کە مەترسییەکە چەند بەرانبەر دەکات ئەگەر چی ڕێژەکەش زۆر کەم بێت. چونکە توانای مژینی لەشی مرۆڤ بۆ ئەم پیسکەرانە لە ڕێگەی ھەناسەدانەوە زۆر زیاترە وەک لە خواردن و خواردنەوە، بە جۆرێک کە لە ڕێگەی ھەناسەدانەوە %25-40 و لە ڕێگەی خواردن و خواردنەوەوە %5-15 یە.

1-3 کاریگەریەکانی پلاستیک لەسەر خاک:

بەھۆی بەرگەگرتن و مانەوەی زۆری پلاستیک لە خاکدا کێشەی زۆری ئیکۆلۆجی دروست دەکات. مانەوەی زۆری پلاستیک لە خاکدا دەبێتە ھۆی دابەزینی بە پیتی خاک و گەشەی ڕوەک لەو زەوییەدا بەھۆی سنووردارکردنی ستراکچەر و زیندە چالاکییەکانی ناو خاکەکە. وەک پێشتر ئاماژەی بۆ کرا زۆربەی کات ھەندێ لەو پاشەڕۆ پلاستیکیانە بۆ پاراستن و ھەڵگرتنی ماددەی جۆراوجۆر بەکار ھاتوون و لە کاتی فرێدانیاندا بڕێکی کەم لەو ماددانەیان تێدا دەمینێتەوە کە ڕاستەوخۆ یان پاش بارانبارین دەشۆرێنەوە و دەچنە ناو خاکی ئەو ناوچانەی کە ئەو پاشەڕەڕۆیانەیان لێ فڕێدراوە. کە کاریگەری زۆر خراپیان دەبێت لەسەر کوالێتی خاک و ئاوی ژیر زەوی و ئەو بەرھەمە خۆراکییانەی کە لەو ناوچەدا بەرھەم دێن. پاشەڕۆ پلاستیکییەکان لە خاکدا بە شێوەیەکی لەسەرخۆ شی دەبنەوە بەڵام ئەم لەسەرخۆ شیبوونەوەیە کار ناکاتە سەر کەمکردنەوەی مەترسی پلاستیک لەسەر ئەو خاکە و بە ھەمان شێوەی سەرچاوە ئاوییەکان لە کاتی شیبونەوەی پلاستیکدا ھەردوو ماددەی DEHP و BPA تێکەڵ بەو خاکە دەبن و کاریگەرییان دەبێت. تەنھا لە گۆڕە پاشەڕۆکاندا نزیکەی 6 بلیۆن پاوەن پلاستیک ھەیە کە لە ئایندەدا کارگەری نەرێنی لەسەر ھەردوو کواڵيتی ئاو و خاکیش ئەبێت.


2 کاریگەرییەکانی پلاستیک لەسەر تەندروستی مرۆڤ:

مرۆڤ ڕۆژانە لە ڕێگەی ئاو، ھەوا، خواردن، تەپوتۆز، و ئەو کەلوپەلە پلاستیکیانەی (بوتڵ، نایلۆنی داپۆشین، ناواخنی قوتوی خواردن.....ھتد) کە بەکارییان دێنێ ڕوبەڕووی ئەو ماددە کیمیاییانە ئەبێتەوە کە لە پلاستیکەوە دەرئەچن کە بە شێوەیەکی گشتی بریتین لە: (BPA) و فثالەیتەکان (باوترینینیان DEHP). بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی پرۆگرامی ژەھراوێتی نەتەوەیی (NTP)، لەکاتی بەرھەمھێنانی پلاستیکە فرەکاربۆنییەکان و ڕایزنە ئیپۆکسییەکاندا (کە لە ناوپۆشی قوتوی خواردن و راخەردا بەکاردێ) برێک BPA بە تاکی و یەکنەگرتوویی لەو پێکھاتانەدا ئەمێنێتەوە و تێکەڵ بەو خواردن و خواردنەوانە دەبێت کە تیایاندا پارێزراون.

بە پێی ئەو بەدواداچونانەی کە لەلایەن دکتۆر فریدریک ڤۆم سال لە زانکۆی میسۆری/کۆلۆمبیا ئەنجامدراوە، بە شێوەیەکی گشتی BPA (ماددەی بنیادنەری پلاستیک) بە ھەمان شێوەی ھۆرمۆنی ئیسترادیۆڵ، ئەگەر یەک بەش لە ترلیۆنەکی میلی لیترێک خوێندا زیاد بکات بەسە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە گەشە و فرمانەکانی خانەدا بکات. ھەروەھا پێدەچێت ببێتە ھۆی شێرپەنجەی پڕۆستات، دروستبوونی سپێرمی نائاسایی، ھەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی نائاسایی، و گرفتی فێربوون.

بە پێی بۆچونی د.دەیڤید بەسبیی لە زانکۆی (A&M) ی تەکساس، DEHP (زۆر بەکارھاتوترین پلاستیک سازێنەرە) ئەتوانێت لەگەڵ ئاو تێکەڵ ببێت و ببێتە ھۆی تێکدانی فرمانی چینەکانی مێشک، گۆڕینی گەشەی مێشک، و سیستەمی بەرگری لەش. لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن بەڕێوەبەری سەنتەری ئێپیدێمۆلۆجیای زۆربوونی زانکۆی ڕۆچەستەرەوە ئەنجام دراوە، دەرکەوتووە کە پەیوەندییەکی ڕوون لە نێوان ڕیژەی بەرکەوتنی ژنانی دوگیان بە فثالەیت و گۆڕانی جینی کۆرپەکەیدا ھەیە. ھەروەھا ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشی دڵ و شەکرە لە کەسانی زۆر بەرکەوتوو بە BPA زۆر زیاترە.


چارەسەر بۆ کەمکردنەوەی کێشەی پلاستیک:

1- کەمکردنەوەی بەکارھێنان و فڕێدانی پلاستیک:

باشترین ڕێگا بۆ ئەم مەبەستە بریتییە لە دانانی نرخ لەسەر ئەو پێداویستیە پلاستیکییانەی وەک کیس، عەلاگە، بۆتڵ، سەتڵ.....ھتد کە لە بازاڕ و سوپەرمارکێتەکاندا بێبەرامبەر لە کاتی بازارکردندا دەدرێنە ھاوڵاتییان و وازھێنان لە پێداویستیە پلاستیکییە یەکجار بەکارھاتووەکان ڕووکردنە ئەوانەی چەنجارێ بەکاردێن.

بەپێی ڕاپۆرتیکی زانکۆی پۆلی تەکنیکی کالیفۆڕنیا، ساڵی 2002 ئیرلەندا وەک یەکەم وڵات کە ئەم ڕێگایەی گرتەبەر بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارھێنان و فڕێدانی پلاستیک، لە ژیر ناوی باجی پلاستیکدا نرخی 15 پێنسی لەسەر ھەر عەلاگەیەکی یەکجار بەکارھاتوو دانا، کە بووە ھۆی دابەزاندنی بڕی بەکارھێنانی عەلاگە بۆ ھەر نەفەرێک لە 328 عەلاگە بۆ 21 عەلاگە و، ئەمەش وای کرد لە ماوەی یەک ساڵدا عەلاگەی فڕێدراو کە %5 ی کۆی پاشەڕۆی ئەو وڵاتەی پێک دەھێنا بۆ %0.32 داببەزێت. دواتر ئوسترالی لە سالی 2003، چین لە ساڵی 2008، و ئەمریکا 2009 ھەمان ڕێگەیەن گرتەبەر.

2- بەکارھێنانەوەی پاشەڕۆ پلاستیکییەکان دوای بەکارھێنانیان بۆ جاری یەکەم:

بۆ نمونە سەتڵی شیرەمەنییەکان یان بۆتلی ئاو یان خواردنەوە گازییەکان ئەتوانرێت تاکو 20جار و بەرەو ژوور خاوێن بکرێتەوە و بەکاربێتەوە.

3- ڕیسایکڵکردنەوەی پلاستیک:

پلاستیکی پاشەرۆ ئەتوانترێت ڕیساکڵ بکرێت و لە دروستکردنی زۆر بەرھەمی وەک گازۆیل و پەترۆکیمیاییەکان، ڕۆنی پۆلی ستایرین (کە خواردنێکی باشە بۆ بەکتریا)، جلوبەرگ، فەرش، بەرھەمھێنانی وزە و... ھتد، بۆچوونی زۆرێک لە زانایان وایە کە ڕۆژێک دێت کە گۆڕە پاشەڕۆکان وەک کانی خەڵوز و کانزاکان ھەڵبدرێتەوە بە مەبەستی دووبارە سوود وەرگرتن لەو ماددە بەنرخانەی وەک پلاستیک و ھی تر کە تێیاندا نەژراون.

4- وازھێنان لە پلاستیکی لە نەوت بەرھەمھاتوو و ڕووکردنە پلاستیکی زیندەیی یان پۆلی لاکتایدەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی زیانە ژینگەیی و تەندروستییەکان: کۆمپانیای کاری سروشت (NWC)، گەورەترین کۆمپانیای جیھانە بۆ بەرھەمھێنانی پلاستیکی زیندەیی و پلاستیک لە گەنمەشامی بەرھەم دەنە کە داتوانترێت بۆ زۆر مەبەستی وەک بۆتڵ، جلوبەرگ، کوپ و پەرداخ، ڕاخەر.....ھتد بەکار بێت. کۆمپانیای (NEC) بەم دوییانە توانی بە تەواوی مۆبایلێک لە پلاستیکی زیندەیی بەرھەم بھێنێ. کە ئەگەر بسوتێنرێ، فرێ بدرێ، یان شی بێتەوە زەرەری ژینگەیی و تەندروستی نابێت. ھاڕڵد کایب کە پسپۆڕێکی ئەوروپیی بواری پلاستیکی زیندەییە، بەو دەرئەنجامە گەیشتووە کە کیشوەری ئەوروپا ئەتوانێت 60 ملیۆن تۆن پلاستیکی زیندەیی وەبەربێنێ لە کاتێکدا پێداویستی پلاستیکی ساڵانەی ئەوروپا تەنھا 40 ملیۆن تۆنە.

5- بەکارھێنانی شوشە یان پلاستیکی زیندەیی لە جیاتی کەلوپەلە پلاستیکیەکانی ئێستا بە مەبەستی ئامادەکردن، لێنان، گەرمکردنەوە، پاراستن، و پێچانەوەی سەرجەم خواردن و خواردنەوەکان:

ھەندێ کۆمپانیای ئوستوراڵی توانیویانە لە نیشاستە جۆرە پلاستیکێکی زیندەیی بۆ پاراستنن، پێچانەوە، گەرمکردنەوە ی خۆراک بەرھەم بھێنن کە ئەگەر تەنانەت لەگەل خواردنەکەشدا بخورێت ھیچ زیانێک بە تەندروستی ناگەیەنێت.

Post a Comment

To be published, comments must be reviewed by the administrator *

أحدث أقدم