ئامادەکردنی عومەر کەریم
لەگەڵ پێشکەوتنی پیشەسازی و گەشەسەندنی شارستانی و دروستبوونی شارە گەورەکان، پێوستی بۆ وزەش ڕووی لە زیادبوون کردووە، لەگەڵ ئەم زیادبوونەش لە چەند دەیەکی ڕابردوو زیانێکی گەورە بە ژینگە و سەرچاوەکانی سروشت و تەندروستی مرۆڤ گەیەندرا، لە ئێستادا وڵاتە پێشکەوتووەکان لە هەوڵی ئەوەدان ئەو کەرەستانەی دروستی دەکەن و دای دەهێنن لە بوارە جۆربەجۆرەکانی ژیان هاوڕێی ژینگە بێت و نەبێتە هۆی زیاندگەیاندن بە ژینگە یان کەمترین زیانی هەبێت چونکە دواجار زیان بە خودی مرۆڤیش دەگەیەنێت، لە ئێستادا بۆ بەرهەمهێنانی وزە تەنانەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیش پشت بە وزەی پاشماوە بەبەردبووەکان دەبەستن کە خۆی لە وزەی نەوت و گاز و هاوشێوەکانی دەبینێتەوە، بەڵام وردە وردە لەگەڵ ئەم وزانەش پشت بە وزەی جێگرەوە دەبەستن کە خۆی لە وزەی خۆر و ئاو و با و گەرمی ناخی زەوی و بەرزونزمی شەپۆلی دەریاکان و هتد، لە ئێستادا وزەی خۆر سوودی لێوەردەگیرێت بۆ دروستکردنی کارەبا و هەڵگرتن و پاشکەوتنکردنی لە ڕێگەی پاترییەوە، بەڵام زانایان داهێنانێکی تریان کردووە لە سوود وەرگرتن لە ڕووناکی سروشتی بۆ ڕووناککردنەوەی بینا و باڵەخانەکان لە ڕۆژدا بێ ئەوەی پێویستی بە پاتری بێت، وەک دەزانرێت مرۆڤی شارە گەورەکان و وڵاتە پێشکەوتووەکان زۆربەی کاتەکانیان لە ژوورەوە بەسەر دەبەن جا لە ئۆفیسێک بێت یان ڕووبەرێکی داخراو بێت یان خانوو بێت، زۆر جار هەرچەندە ئیشەکانمان لە ڕۆژدایە بەڵام لە ناو و ژوورەوەی بینا و باڵەخانەکان هەر پێویستمان بە ڕووناککەرەوە دەبێت جا بۆ ئەوەی وزەی زیاد بەفیڕۆ نەچێت زانایان بە تەکنیکێک هەڵساون بە گواستنەوە ڕووناکی دەرەوە بۆ ناو بینا و باڵەخانەکان، بیرۆکەکە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە بۆرییەک ڕێگە بە تیشکی خۆر دەدات ڕاستەوخۆ ڕووناکی بگوازێنەوە بۆ ناو خانوو، کە دەفرێکی قۆقز لە سەربانی خانووەکە دادەنرێت بۆ کۆکردنەوەی ڕووناکی لە هەموو گۆشەیەکەوە پاشان بە شکانەوەی ڕووناکییەکە لە ناو بۆرییەکە ڕووناکییەکە دەگات بەناو خانووەکە و ڕووناکی سروشتیمان دەست دەکەوێت، ناوەوەی ئەم بۆری و دەکتانە لە مادەیەکی وا دروست دەکرێ کە تێشک بە ڕێژەیەکی زۆر بداتەوە کە وەک بانگەشەی بۆ دەکەن کەمترین تیشک بە فیڕۆ دەچێت، لە ناوەوە بنمیچی خانووەکە فلتەرێک دادەنرێت بۆ ئەوەی تیشکە سەرووەنەوشییەکان بپاڵێوێت. ئەم بیرۆکەیە هاوڕێی ژینگەیە و وا دەکات کارەبا کەمتر بەکار بهێنرێت، ئێستا لە هەندێ گەڕاجی سەیارە و ڕووبەری فراوان بەکار دەهێنرێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لە وەرزی زستاندا چۆن سوود لەم بیرۆکەیە وەردەگیرێ؟ ئایا پێت وایە ئەم بیرۆکەیە لە داهاتوودا سەر بگرێ و زۆر بەکار بهێنرێت؟
بۆ زانینی چۆنییەتی ئیشکردنی ئەم تەکنیکە سەیری ئەم کورتە ڤیدیۆیە بکە:
إرسال تعليق