
مامۆستای زانكۆی سلێمانی، له‌گفتوگۆیه‌كیدا له‌گه‌ڵ SNN به‌ژماره تێكڕای ڕێژه‌ی گاز و پێكهاته ده‌رچووه‌كانی سووته‌مه‌نی ئۆتۆمۆبیل بۆ یه‌ك لیتر ئاشكرا ده‌كات، كه تێكه‌ڵ به هه‌وا ده‌بێت و كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ژینگه و ته‌ندروستی مرۆڤه‌كان جێده‌هێڵێت و جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كانی سلێمانیش ئاماژه به‌وه ده‌دات ڕۆژانه بڕی دوو ملیۆن و چوارسه‌د هه‌زار لیتر به‌سه‌ر به‌نزینخانه حكومییه‌كان دابه‌ش ده‌كه‌ن.
د.ساڵح نه‌جیب مه‌جید مامۆستای زانكۆی سلێمانی، ڕایگه‌یاند: تێكڕای بڕی هه‌ندێك گازی ده‌رچوو له ئۆتۆمۆبیل بۆ هه‌ر لیترێك له سووته‌مه‌نی گازۆلین كه زۆربه‌ی هاوڵاتیان به (به‌نزین) ناوی ده‌به‌ن و دیزڵ كه پێده‌ڵێن (گاز) به‌پێی سه‌رچاوه‌ی بریكاری(وه‌كاله‌ی) پاراستنی ژینگه‌ی ئه‌مریكی (EPA) به‌مه‌رجێك ئۆتۆمۆبیله‌كه مه‌كینه‌كه‌ی به ڕه‌وشێكی باش بێت و به‌رده‌وام صیانه‌ی كرابێت و به سووته‌مه‌نی جۆر ستانده‌رد و كواڵێتی باش كاری كردبێت، بریتیه له‌و جۆر و بڕه گاز و پێكهاته ده‌رچووانه له‌م خشته‌یه‌دا ڕوونكراوه‌ته‌وه :ــ
ئاماری قوربانیانی سلێمانی له دوو ساڵدا
وته‌بێژی ڕه‌سمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی سلێمانی، مه‌ریوان محه‌مه‌د ڕایگه‌یاند: تێكڕای ئاماری گیانله‌ده‌ستدان و برینداربوونی له سلێمانی جگه له ئیدارەی گه‌رمیان به‌هۆی ڕووداوه‌كانی هاتووچۆ بۆ ساڵه‌كانی(2011 و 2012) بریتیه له (505) پێنج سه‌د و پێنج هاوڵاتی، له‌گه‌ڵ برینداربوونی (7026)حه‌وت هه‌زار و بیست و شه‌ش هاوڵاتی.
سووته‌مه‌نی و ئۆتۆمۆبیلی كوردستان
ئه‌م زانیارییه‌ی له‌خشته‌ی سه‌ره‌وه‌دا ڕوونكراوه‌ته‌وه ، و بۆ ئۆتۆمۆبیل و جۆری سووته‌مه‌نی باشه ، له‌كاتێكدا له‌هه‌رێمدا به‌رده‌وام ڕه‌خنه له جۆری سووته‌مه‌نی ئۆتۆمۆبێل ده‌گیرێت، به‌هۆی خراپی پێكهاته‌كه‌یه‌وه ، جگه له‌وه‌ش كۆنی و خراپی كوالێتی به‌شێك له‌ئۆتۆمۆبیله نوێیه‌كانیش كه به‌هۆیه‌وه ساڵانه ڕێژه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر له‌هاوڵاتیان ده‌كاته قوربانی، فشاری خسته‌سه‌ر حكومه‌ت بۆ ڕاگرتنی هاورده‌كردنی ئۆتۆمۆبیل كه ماوه‌ی زیاتر له‌مانگ و نیوێكه ڕێگه له هاورده‌كردنی ئۆتۆمۆبیل گیراوه .
ئه‌و مامۆستایەکی زانكۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا بێشك فاكته‌ری تر زۆره كه كار له بڕی گازه ده‌رچووه‌كان ده‌كات و له‌وانه‌ش خێرایی لێخورین و ته‌مه‌نی ئۆتۆمبیل و بارودۆخی كه‌شوهه‌وا به‌تایبه‌تی پله‌ی گه‌رما.
ژماره‌ی ئۆتۆمۆبیل و ده‌رهاویشته مه‌ترسیداره‌كانی
به‌پێی زانیارییه‌كانی SNN پاڵپشت به‌ئاماره ڕه‌سمیه‌كان، له هه‌رێمی كوردستاندا زیاتر له یه‌ك ملیۆن و دووسه‌د هه‌زار ئۆتۆمۆبیل هه‌یه و به‌شێك له ڕه‌خنه‌گرانی بواری هاتووچۆ و ژینگه‌ش ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن شاره‌كان بوونه‌ته گه‌راجی ڕاگرتنی ئۆتۆمۆمبیل، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ زۆربوونی بێ پلانی ژماره‌ی ئۆتۆمۆبیل و هاوكات كاریگه‌ری و لێكه‌وته خراپه‌كانی كه جگه له زیانگه‌یاندن به گیانی خودی مرۆڤه‌كان هاوكات بۆ لایه‌نی ئابووری و ژینگه‌ی وڵاتیش زیانی گه‌وره به هه‌رێم و هاوڵاتیان گه‌یاندوه .
بڕی سووته‌مه‌نی ڕۆژانه‌ی سلێمانی چه‌نده ؟
له‌لای خۆشیه‌وه، جه‌مال جه‌لال جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رهه‌مه نه‌وتیه‌كانی سلێمانی به SNNی ڕاگه‌یاند: له ئه‌نجامی ئه‌و ڕێژه زۆره‌ی ئۆتۆمۆبیل بڕی ئه‌و سووته‌مه‌نییه‌ی له جۆری گاز و به‌نزین بۆ پارێزگای سلێمانی به ئیداره‌ی گه‌رمیانه‌وه ڕۆژانه دابه‌ش ده‌كرێت بریتیه له دوو ملیۆن و چوارسه‌د هه‌زار لیتر به‌نزین و گاز، ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ به‌نزینخانه حكومییه‌كانه جگه له به‌نزینخانه ئه‌هلییه‌كان، له‌كاتێكدا یه‌ك لیتر به‌نزین یان گاز هێنده مه‌ترسیداره بۆ مرۆڤ و ژینگه .
پرسیاره داخراوه‌كان
گه‌ر له ئه‌نجامی سوتانی بڕی یه‌ك لیتر سووته‌مه‌نی(به‌نزین یاخود گاز) له‌كاتی به‌كارهێنانی ئۆتۆمۆبێلدا هێنده جۆر و بڕی گازی ژه‌هراوی فڕێ بدرێته هه‌واوه ، له‌كاتێكدا ئۆتۆمۆبیل و جۆری سووته‌مه‌نیه‌كه‌ش باش بێت، ده‌بێت ئۆتۆمۆبیله‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌و جۆره سووته‌مه‌نییه‌ی هه‌یه چه‌ند جۆر و بڕ له‌گازی ژه‌هراوی فڕێ بده‌نه به‌رگه‌هه‌واوه و ژینگه‌ی پێ تێكبده‌ن و پیسی بكه‌ن؟ دواجاریش ده‌بێت ته‌ندروستی هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه چۆن بێت له وه‌ها ژینگه‌یه‌كدا؟ ئه‌مانه‌ش ئه‌و پرسیارانه‌ن كه هانده‌رمان بوو بۆ گه‌یشتن به‌و زانیاریانه و به‌دواداچوون بۆ ئه‌م پرسه، كه ڕاگه‌یاندنی كوردی تا ئێستا وه‌كو پێویست نه‌یتوانیوه ڕۆماڵی بكات.
ژینگه و مرۆڤ
د.دانا هه‌مه‌وه‌ندی پسپۆڕی نه‌خۆشیه‌كانی سنگ و به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی سنگ له سلێمانی، له لێدوانێكیدا به SNNی وت: ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی له‌ڕێگه‌ی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌وه تووشی مرۆڤ ده‌بێت، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كییان بۆ پیسبوونی ژینگه ده‌گه‌ڕێته‌وه، پیسبوونی ژینگه‌ش كۆمه‌ڵێك هۆكاری هه‌یه، كه مه‌ترسیدارترینیان گازه ده‌رچووه‌كانی ئۆتۆمۆبیل و كارگه‌یه.
پێنج نه‌خۆشی مه‌ترسیدار
ئه‌و پسپۆڕه‌ی نه‌خۆشیه‌كانی سنگ، وتیشی: به‌شێك له نه‌خۆشیه‌كانی وه‌ك (ته‌نگه‌نه‌فه‌سی(ڕه‌بوو)، سیل، شێرپه‌نجه‌ی سنگ، حه‌ساییه‌تی سنگ، حه‌ساییه‌تی قورگ و گوێ و لوت) له ئه‌نجامی پیسبوونی هه‌وا و ژینگه‌وه به‌تایبه‌تی گازی ژه‌هراوی ده‌رچووی ئۆتۆمۆبیل و كارگه‌كان تووشی هاوڵاتیان ده‌بێت، ده‌كرێت بڵێین نزیكه‌ی له 5 بۆ 10% ی هاوڵاتیان به‌هۆی ئه‌م هۆكاره‌وه تووشبوون.
مرۆڤ لێیده‌رناچێت
هه‌مه‌وه‌ندی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: پیسبوونی هه‌وا و ژینگه به‌هۆی گاز و ماده ژه‌هراوی و كیمیاوییه‌كانه‌وه، كاریگه‌ری خراپی بۆ سه‌ر ئه‌و هاوڵاتیانه ده‌بێت كه تووش نه‌بوون و نه‌خۆشیان ده‌كات، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌شی تووشبوون نه‌خۆشییه‌كه‌یان قورس‌تر ده‌كات، بێشك به‌شێكی ئه‌م نه‌خۆشیانه‌ش مه‌ترسیداره و ژیانی نه‌خۆشه‌كان ناڕه‌حه‌ت ده‌كات، كه هه‌ندێكیان چاكبوونه‌وه‌یان نییه.
محمد حیکمەت - تۆڕی هەواڵی سلێمانی - ٢٠١٣/٣/٣٠


إرسال تعليق