
ئۆزۆن فۆرمێکی تایبه‌ته له‌ئۆکسجین ، ههرمۆلیکیولێکی ئۆزۆن له سێ ئه‌تۆم ئۆکسجینی به یه‌که‌وه به ستراو پێکهاتووه (03 ).
له‌ژێر کاریگه‌ری تیشکی سه‌رووی وه‌نه‌وشه‌یی خۆر و له‌کاتی هه‌وره‌تریشقه‌دا مۆلیکیولی ئۆکسجین دابه‌ش ئه‌بێت بۆ دوو ئه‌تۆم ئه‌مانه‌ش ئاماده‌یی یه‌کگرتنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ مۆلیکیولێکی ئۆکسجین هه‌یه بۆ پێکهێنانی مۆلیکیولێکی ئۆزۆن وه‌کو له خواره‌وه روونکراوه‌ته‌وه:
2 O + 2 O2 -----> 2 O3 گازی ئۆزۆن بۆ پاراستنی بوونه‌وه‌ر به گشتی وڕه‌خساندنی ژیانی مرۆڤ له سه‌ر گۆی زه‌وی وه‌ك مادده‌یه‌کی گرنگ وپێویست زۆر به‌هاداره.
کاری گازی ئۆزۆن مژین و نه‌هێشتنی په‌ڕینه‌وه یا گه‌یشتنی تیشکه‌کانی ئولتراڤیولیتی( سه‌رووی وه‌نه‌وشه‌یی) تیشکی خۆر، که درێژی شه‌پۆله‌کانیان له نێو( 280_320 ) نانومهتره و ووزه‌یه‌کی زۆری تێدایه، بۆ سه‌ر زه‌وی، ئه‌و تیشکانه‌ش ئه‌بنه هۆی فه‌وتان و شێوانی مۆلیکیوله بایۆلۆجیه‌کان وه‌کو خانه بۆماوه‌کان و پرۆتین و ئه‌گه‌ری تووشبوونی پێست به نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی پێست و لاوازکردنی سیسته‌می به‌رگری و کۆمه‌ڵێ نه‌خۆشی تر، جگه له‌وه‌ی زیانه‌کانی ئه‌م تیشکه جیهانی ڕووه‌ك وئاژهڵیش ده‌گرێته‌وه.
له‌گه‌ڵ ته‌نکبوونه‌وه‌ی چینی ئۆزۆن له ئهتمۆسفێردا ده‌رفه‌تی زیاترتێپهڕبوونی تیشکی سه‌رووی وه‌نه‌وشه‌یی بۆ سه‌ر زه‌وی زیاتر ده‌بێت وبه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی زیانه‌کانی بۆ بوونه‌وه‌ر ئاکامی خراپتری لێده‌که‌وێته‌وه له کاتێکدا گازی ئۆزۆن ژیانی زینده‌وه‌ر له‌سه ر گۆی زه‌وی ده‌ڕه‌خسێنێ به بوونی وه‌کو فلته‌رێك بۆ پاڵاوته‌کردنی تیشکی خۆر‌و مژینی تیشکی سه‌رووی وه‌نه‌وشه‌یی پێش گه‌یشتنی به سه‌رڕووی زه‌وی، له هه‌مان کاتدا بوونی به ڕێژه‌ی 40 مللگرام بۆ مه‌تر سێجا هه‌ست به بوونی ده‌کرێت وله 400 مللگرام بۆ مه‌تر سێجاله سه‌ر ڕووی زه‌وی کاریگه‌ری بۆ سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ هه‌یه‌و مرۆڤ تووشی کێشه‌کانی کۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌دان ده‌کات وه‌کو هه‌ناسه ته‌نگی و کۆکه‌ی وشك و سووتانه‌وه‌ی دیواری ناوه‌وه‌ی کۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌دان و فه‌وتانی دارستان و که‌مبوونه‌وه‌ی به‌روبوومی کشتوکاڵی. له‌هه‌مان کاتدا گازی ئۆزۆن ناڕاسته‌وخۆ به‌شداره‌له گه‌رمبوونی گلۆبالی گۆی زه‌وی و گۆڕانی که‌ش و هه‌وا.
مه‌دیحه سۆفی
إرسال تعليق