
سه‌روه‌ر قه‌ره‌داغی - پارێزه‌ری ژینگه
كرداری گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له كانهكانیهوه بۆ ناوچه‌كانی به‌كار بردن, به‌پله‌ی یه‌كه‌م پشت به‌بۆری و پاپۆر ده‌به‌ستێت بۆ گواستنه‌وه, ڕێگه‌یه‌كی تری گواستنه‌وه‌ی نه‌وت به‌هۆی ئۆتۆمبێل و شهمهندهفهرهوهیه, ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕێگه‌یه به‌راورد بكه‌ین به‌و نه‌وته‌ی بهڕێگاكانی تر ده‌گوازرێته‌وه زۆر كه‌مه, له‌ڕووی ئابوریشه‌وه سودی زۆری نیه و تێچووی زۆر ده‌بێت و نه‌وتی كه‌میش ده‌توانێت بگوازێته‌وه, گواستنه‌وه‌شی هه‌ندێك مه‌ترسی تیادایه.
هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له خاكی عێراق پشت به ڕێگه‌ی (لووله)ده‌به‌ستێت بۆ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت به‌ناو خاكی سوریا و لوبنان و توركیادا بۆ سه‌رده‌ریای ناوه‌ڕاست و بۆ به‌نده‌ری جیهان, سه‌ره‌ڕای به‌كار هێنانی ڕێگه‌ی (لووله) پشت به ڕێگه‌یه‌كی تری گواستنه‌وه‌ی نه‌وت ده‌به‌ستێت بۆ ولاَتانی (ئێران و توركیا) ئه‌و ڕێگه‌یه‌ش ڕێگه‌ی وشكانیه, به‌هۆی (ئۆتۆمبیل)ه‌وه.
پشت به‌ستنی هه‌رێمی كوردستان به‌م رێگایه زیانی زۆری به ڕه‌گه‌زه ژینگه‌ییه‌كانی (ئاو و هه‌وا و خاك)گه‌یاندووه به‌نمونه ژینگه‌ی شاره‌كانی "زاخۆ, كۆیه, دوكان,چه‌مچه‌ماڵ, كه‌ركوك, عه‌ربه‌ت, ده‌ربه‌ندیخان, كه‌لار" هیتر... دیارترینیانن كه‌زۆرترین زیانی ژینگه‌ییان به‌ركه‌وتووه به‌تایبه‌ت ناوچه‌كانی زاخۆ و ده‌ربه‌ندیخان, ده‌ڤه‌ری ده‌ربه‌ندیخان وه‌ك نمونه‌یه‌ك وه‌ر ده‌گرین و چه‌ندین داتا و زانیاری مه‌ترسیدار له‌باره‌یه‌وه ده‌خه‌ینه ڕوو, به‌پێی ئامارێكی ڕێكخراوی (سروشتی كوردستان) ڕێكخراوی (N.O.K) ته‌نها له‌ساڵی 2013دا (23)ته‌نكه‌ری گواستنه‌وه‌ی نه‌وت وه‌ر گه‌ڕاون, كه (2)ته‌نكه‌ری نه‌وتیان سوتاون, ئه‌م ئاماره ئامارێكی زۆر مه‌ترسیداره, چونكه ههرتهنكهرێك توانای گواستنه‌وه‌ی (36,000)لیتر نه‌وتی هه‌یه, كه‌وابوو ته‌نها له‌ساڵی 2013دا (828,000)هه‌زار لیتر نه‌وت ڕژاوه‌ته سه‌ر خاك و ناو سه‌رچاوه‌كانی ئاوی سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌وی و تێكه‌ڵ به هه‌واش بووه!!
گاریگه‌ریی و مه‌ترسیه‌كانی له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زه ژینگه‌ییه‌كانی (خاك, ئاو, هه‌وا)
خاك: ئه‌گه‌ر خاكه‌كه خاكێكی كشتوكاڵی بێت ئه‌وا به‌پیتی له‌ده‌ست ده‌دات و جارێكی تر به‌كاری كشتوكاڵ كردن نایه‌ت, گومان له‌وه‌شدا نیه كه به‌هۆی ڕژانی نه‌وته‌وه گیا و پوش و پاوان و دره‌خته‌كان وشك ده‌بن و له‌ناو ده‌چن, ئه‌م له‌ناو چونه ده‌یان جار له ده‌ڤه‌ری ده‌ربه‌ندیخان ڕوویداوه.
ئاو: سه‌رچاوه‌كانی ئاوی سه‌رزه‌وی به‌هۆی ڕژانی نه‌وته‌وه پیس ده‌بێت و مه‌ترسی له‌سه‌ر زینده‌وه‌ر و ماسیه‌كان دروست ده‌بێت و هه‌ندێك جار له‌ناو ده‌چن, جگه‌له‌وه‌ی ئاوه‌كه ئیدی بۆ مه‌له‌كردن و خواردنه‌وه ده‌ست نادات, له‌كاتێكدا (یه‌ك دڵۆپ نه‌وت) توانای پیس كردنی (1,000) یه‌ك هه‌زار لیتر ئاوی پاكی هه‌یه و (یه‌ك لیتر نه‌وت) توانای پیس كردنی(1,000,000) یه‌ك ملیۆن لیتر ئاوی پاكی هه‌یه!!! به‌هۆی تێكه‌ڵ بوونی نه‌وت به‌خاك و دواتر ڕژانی بۆ ناو ئاوی ژێر زه‌وی به‌هۆیه‌وه ئاوی ژێر زه‌وی واتا ئاوی یهدهكیش پیس ده‌بێت و له‌ئاینده‌دا ئه‌سته‌مه نه‌وه‌كانی داهاتووشمان بتوانن سودی لی ببینن.
هه‌وا: ڕۆژانه به سه‌دان ته‌نكه‌ری گواستنه‌وه‌ی نه‌وت به‌ناوه‌ندی شاره‌كه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بن و گازی(هایدرۆكاربۆنی) ده‌ڕژێننه ناو ڕه‌گه‌زی هه‌وا, جگه‌له‌وه‌ی به‌هۆی وه‌رگه‌ڕان و ئاگر گرتنی ته‌نكه‌ره‌كانه‌وه ڕه‌گه‌زی هه‌وا پیس ده‌بێت و به‌هۆیه‌وه پوش و پاوان و دره‌خت و به‌شێكی زۆر له‌ناوچه سه‌وزاییه‌كان ده‌سوتێن و به سه‌دان باڵنده و مێرو و زینده‌وه‌ر له‌ناو ده‌چن, نه‌وته ڕژاوه‌كه له‌سه‌ر خاك ده‌مێنێته‌وه, به‌هۆی تێكه‌ڵ بوونی به‌خاك و وه‌رگرتنی تیشكی خۆره‌وه, دیارده‌ی به‌هه‌ڵم بوون ڕووده‌دات و گازی (هایدرۆكاربۆنی)لێ دروست ده‌بێت, ئه‌مه‌ش ده‌بێته مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژینگه و دانیشوانی ناوچه‌كه.
سه‌ڕه‌ڕای بوونی ئه‌م گاریگه‌رییه خراپانه و دروست كردنی مه‌ترسی له‌سه‌ر ژینگه و ژییانی مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و باڵنده و زینده‌وه‌ران, گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له‌ڕێگه‌ی (ئۆتۆمبیل)ه‌وه به‌رده‌وامی هه‌یه... تا ئێستاش وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كان و ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌له‌و بواره‌دا سه‌رقاڵی گواستنه‌وه‌ن و سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسین, هیچ قه‌ره‌بوویه‌كی ژینگه‌یی ده‌ڤه‌ره‌كه‌یان نه‌كردووه‌ته‌وه و سالاَنهش به‌ده‌یان ته‌نكه‌ری گواستنه‌وه‌ی نه‌وت وه‌رده‌گه‌ڕێت و كاره‌ساتی گه‌وره‌ی ژینگه‌یی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.

إرسال تعليق